له‌م بۆنه‌یه‌دا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌که‌سایه‌تیه ناسراوه‌کانی دانيمارك و کورد، له بواره جیاوازکاندا و هاوتا رێژه‌یه‌کی زۆری فێرخوازانی لاوی کورد له زانکۆ و په‌یمانگاکانی دانيماركدا ئاماده‌بوو بوون
له‌م ڕێوره‌سمه‌داته‌ها به‌رواری وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هۆلگه نیلسن جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی دانيمارک، ڤیللی سویندێل سه‌رۆکی پارتی سۆشیالیستی گه‌لی دانيمارك و ئه‌ندامانی پارتی سۆشیال دیموکراتی دانيمارك و پارتی گه‌لی دانيمارك و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی دانيمارك و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له سوید و باکووری ئه‌وروپا و باڵيوزی کۆماری فیدراڵی عێراق له دانيمارك و رێکخراوه ناحکومیيه‌کانی دانيمارك و نوێنه‌رانی پارته کوردی و عێراقیه‌کان، ئاماده‌بوون.
سه‌ره‌تای ئه‌م رێوره‌سمه به سروودی نیشتیمانی کوردستان "ئه‌ی ره‌قیب" ده‌ستی پێ‌کرد، پاشان رێکخه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له دانيمارك دلاوه‌ر ئاژگه‌یی وته‌ی به‌خێرهاتنی پێشکه‌ش کرد، پاشان کورته فیلمێک له‌سه‌ر رێوره‌سمی ئاهه‌نگی گالای پارساڵ له دانيمارك نمایش کرا که له ئاماده‌کردنی که‌ناڵی "کوردان تی ڤی" بوو له دانيمارك.
ته‌ها به‌رواری وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، که تیایدا ئاماژه‌ی به به‌ره‌وپێشچوونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دا له بواری دیموکراتی و ئازادی بازرگانی و رۆڵی گه‌نجان و لاوانی کوردی به‌رز نرخاند و سوپاسی ئه‌و که‌س و لایانانه‌ی کرد که دۆست لایه‌نگری دۆزی کوردن.
به‌رواری هه‌روه‌ها پێشوازی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و کۆمپانیا و لایانانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌کوردستاندا کار بکه‌ن و بانگهێشتی کردن بۆ ئه‌وه‌ی پردێکی که‌لتوری و هاوکاری پێکه‌وه دروست بکه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خسته‌روو که چه‌نده هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌وتووی به خۆیه‌وه بینیوه.
پاشان له‌کاتی دیاریکراوی خۆیدا و له چاوروانی ئاماده‌بووان، بۆ ئاشکراکردنی پاڵێوراون و ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی خه‌ڵات ده‌کرێن، کۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشانکردنی پاڵێوراوان، بانگهێشتی سه‌رته‌ختی شانۆ کران که پێکهاتبوون له خاتوو ئان سمیچ به‌رپرسی رێکخراوی دانيماركی، خاتوو ئوزلیم چکیک ئه‌ندام په‌رله‌مانی دانيمارك، ڤیلۆ سیگۆردسن سه‌رۆکی پێشووی شاره‌وانی کۆبنهاگن، هونه‌رمه‌ند حه‌مه جه‌زا و ره‌ند شه‌وکت فێرخواز له کۆلیژی زانسته سیاسیيه‌کان، پاشان له‌لایان خاتوو ئوزلێم و له رێگای شاشه‌یه‌کی گه‌وره‌وه ناوی پاڵێوراوان بۆ کوردی ساڵ ئاشکرا کرا که پێکهاتبوون له :
دکتۆره ئه‌دیب عیسا/ مامۆستا له زانکۆی ته‌ندروستی باشوری دانيمارك.
محه‌مه‌د ئه‌رده‌م / نووسه‌ر و رۆشنبیری باکوری کوردستان.
کامه‌ران براهیم / هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کارو ده‌رهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی و ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوبه‌ری که‌ناڵی کوردان تی ڤی.
خه‌ڵاتی کوردی ساڵ به هونه‌رمه‌ند کامه‌ران براهیم به‌خشرا.
پاڵێوراوان بۆ دۆستی کوردی ساڵ پێکهاتبوون له:
کلاوس سلاڤێنسکی / به‌رپرسی راگه‌یاندنی ئینستیوتی مافی مرۆڤی دانيماركی.
رێکخراوی کورد / رێکخراوێک بۆ پرسی کورد له دانيمارك.
لایف باچ کریستیانسن / قونسڵی باڵيوزخانه‌ی دانيمارك له عێراق.
خه‌ڵاتی دۆستی کوردی ساڵ به کلاوس سلاڤێنسکی به‌خشرا.
پاڵێوراوان بۆ دۆستی کوردی فه‌خری پێکهاتبوون له :
ئه‌نیتا ئه‌سپاندار/ هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار.
هۆلگا نیلسن / جێگری سه‌رۆک په‌رله‌مانی دانيمارك.
تۆڤ سکوتاناب و رۆبێرت فلیپسۆن/ پرۆفیسۆر له‌زانکۆی بازرگانی کۆبنهاگن، ناساندنی زمان و که‌لتوری کوردی به‌شیوه‌یه‌کی زانستی و ئه‌کادیمی.
خه‌ڵاتی دۆستی کوردی فه‌خری به هۆلگا نیلسن به‌خشرا.
پاشان به چه‌ند چالاکیيه‌کی کۆمیدی و نیشاندانی ڤیدیۆ کلیپێکی کوردی و به ئاواز‌و گۆرانی کوردی که له‌لایان هونرمه‌ندان ماهیر حه‌سه‌ن وهه‌ردی ساڵح پێشکه‌شکرا، کۆتایی به رێوره‌سمی گه‌لای کورد له دانيمارك هات.
به‌هه‌مان شێوه، بۆ ساڵی دووهه‌م نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی کوردستان له باکووری ئه‌ورووپا گاڵای کوردی له وه‌ڵاتی نه‌رویژ ساز کرد، به مه‌به‌ستی خه‌ڵات کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک کورد یان بۆ پرسی کوردستان کاریان کردووه. خه‌ڵاته‌کانیش له ژێر ناوی، کوردی ساڵ، دۆستی کوردی ساڵ، دۆستی کوردی ساڵ "خه‌ڵاتی فه‌خری" به‌خشران.
ته‌ها به‌رواری وه‌زیری وه‌رزش و لاوان له گه‌شته‌که‌ی ئه‌سكه‌نده‌نافیا به‌شداری ئه‌م بۆنه‌یه بوو، مێوانان له سیاسه‌تمه‌داران، بازاڕی کار، رۆشنبیران و که‌سانی دیکه بانگهێشتی گاڵا کرابوون، تارا ره‌سوڵ به هاوکاری لاوانی مویزیکژه‌ن ئاهه‌نگه‌که‌یان ڕازاندبۆوه، هاوکات کۆمیکه‌ری به‌ناوبانگی لاو سۆران ئیسماعیل ئاهه‌نگه‌که‌ی به‌ڕێوه برد و تیپی هه‌ڵپه‌ڕکێی نه‌مام به سه‌ما کردن به‌شداری بۆنه‌که بوون.
له‌سه‌ر بانگهێشتی حکومه‌تی کوردستان خاتوو پرۆفیسۆر ئه‌مه‌نده کلینتۆن له وه‌ڵاتی پۆرته‌ریکۆوه به‌شداری گاڵای کرد، به باس کردن له گه‌شته‌کانی بۆ کوردستان و کاره‌کانی له ساڵی رابووردودا به‌شداری به‌رنامه‌کانی کرد.
له ئاهه‌نگه‌که‌دا ده‌سته‌ی دادوه‌ر پێکهاتبوون له پێنج که‌س، وه‌رگری خه‌ڵاته‌کانیان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ئاشکرا کرد:
خه‌ڵاتی دۆستی کورد ئارلین فۆڵکڤۆرد (Arlin Folvord) که‌سایه‌تییه‌کی سیاسه‌تمه‌داری ناوداری نه‌رویژه ئه‌م خه‌ڵاته‌ی به ده‌ست هێنا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی نه‌رویژ بووه و ئێستا ئه‌ندامی شاره‌وانی ئۆسلۆیه، چه‌ندین جار سه‌ردانی باکوور و باشووری کوردستانی کردووه، له زۆربه‌ی پرس و بۆنه‌کانی تایبه‌ت به کوردستاندا به‌شداری کردووه و چالاکه، چه‌ندین گوتاری نووسیوه له‌م بواره‌دا، وه‌ک دۆستێکی ناسراوی کوردستان له نه‌رویژدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، جگه له دوو کتێبی "کوردستان له سایه‌ی جه‌نگی که‌نداودا له 1999 ، کوردستان، رابوردوو، داهاتوو 2002" نووسیووه.
خه‌ڵاتی کوردی ساڵ، پرۆفیسۆر حاجی ئه‌کمه‌ن خه‌ڵکی باکووری کوردستانه، ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرت، حاجی دکتۆرای له زانسته کۆمه‌ڵیه‌تییه‌کان له زانکۆی به‌رگن به ده‌ستهێناوه، له بواری پاراستنی مێژووی هونه‌ر و میراتی کولتوری کوردی‌دا زۆر چالاکه، له دوای ته‌قه‌لایه‌کی درێژخایه‌نی چه‌ندین ساڵانه و به هاوکاری ژماره‌یه‌ک له شاره‌زایان و پسپۆرانی کورد له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا دا، توانی مۆزه‌خانه‌یه‌کی ریالیزمای بۆ پاراستنی میرات و کولتوری کوردی له شاری بێرگن له نه‌رویژ دابمه‌زرێنیێ. هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌نده‌ها کتێب و بڵاوکراوه‌ی زانستییه له بواری پێکه‌وه گونجانی ره‌وه‌ندان له کۆمه‌ڵگای نه‌رویژیدا.
خه‌ڵاتی دۆستی کورد "خه‌ڵاتی فه‌خری" خاتوو ڤێنکه لارشن Wenche larsen ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێ به‌خشرا، خانم له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابووردودا که ئه‌و کات پرسی کورد له وه‌ڵاتی نه‌رویژدا زۆر سست بووه، ده‌ستی به کار کردن کردوه، رێکخراوی کوردستان سۆلیداریتی له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی دروست کردووه، هه‌ر به هه‌وڵی ئه‌م بۆ یه‌که‌مجار کۆمیته‌یه‌کی تایبه‌ت به کوردستان له په‌رله‌مانی نه‌رویژی دروست کراوه، تا کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابووردوو که‌سایه‌تییه‌کی زۆر دیار و چاک بووه.